وتاری پ.ی.د. فەرهاد حەمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای سیمپۆزیەمی پەیمانگەکانی (ئایندە، رواندز و ئاکرێ)ی سەر بە دامەزراوەی شەهید لەبارەی ماددە هۆشبەرەکان
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەخێرهاتنی هەموو لایەکتان دەکەم، بەرپرس و نوێنەرانی پەرلەمان و دامەزراوە حکومییەکان و رێکخراوەکان، توێژەران و رۆژنامەنووسانی بەڕێز، زۆر بەخێربێن.
بەڕێزان؛
باشووری كوردستان كه ئێستا یه‌كێك له هه‌ستیارترین قۆناغە مێژووییه‌كانی به‌ڕێده‌كات و له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنێكی به‌رده‌وامدایه، پێویستی به هێزێكی مرۆیی كاریگه‌ر و لێزان و ته‌ندروست و پسپۆڕ و ئەکادیمییە، تا بتوانێ له دنیای پڕ له گۆڕانكاری و كێبڕكێدا، سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو بمێنێتەوە و رۆژ لەدوای رۆژ لە پێشکەوتنی بەردەوامدابێت. به‌ڵام نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت كه وه‌ك هه‌رێمێكی گەشەسەندوو، لەبه‌ر چه‌ندین فاكته‌ری ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ....هتد، مه‌ترسی زۆری له‌سه‌ره، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و مه‌ترسییانه نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وا سه‌ركه‌وتن مەحاڵ دەبێت.
بەڕێزان؛
یه‌كێك له‌و مه‌ترسیانه‌ی كه ئێستا، به‌داخه‌وه وه‌كو تیرۆرێكی نه‌رم رووبەڕووی کۆمەڵگەکەمان دەبێتەوە، بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکانە، کە ده‌یان كێشه‌ی ته‌ندروستی و ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و یاسایی لێکەوتووەتەوە. بەکارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر هێزی مرۆییمان و دواجار ره‌وڕه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگەكه‌مان. بڵاوبوونەوەی ئەم ژەهرە زۆر خێرا و ئاسانە، بەڵام قەلاچۆکردنی زۆر ئەستەمە. ماددە هۆشبەرەکان مەترسییەکی ترسناکە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، بەشێوەیەکی شاراوە و خێرا تەشەنە دەکات، کە لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردستاندا لە حالەتەوە بۆ دیاردە تێپەڕ بووە.
بەڕێزان
له سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌م مه‌ترسییه و له‌پێناو پاراستنی هێزی مرۆیی كۆمه‌ڵگاكه‌مان و، ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، پەیمانگەکانی ئایندە و رواندز و ئاکرێی سەر بە دامەزراوەی شەهید، وه‌ك ئه‌ركێكی پیشه‌یی و زانستی له لایه‌ك و، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه له لایه‌كی تره‌وه، كه خۆی له به‌كارهێنانی پسپۆڕییه زانستییه‌كان بۆ شرۆڤه‌ی كێشه مرۆییه‌كان ده‌بینێته‌وه، ئەم پانێڵەی بە ناونیشانی (ماددە هۆشبەرەکان و هەنگاوە پێویستەکانی رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی) رێکخستووە.
گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه له‌م سیمپۆزیه‌مه‌دا تیشكیان ده‌خرێته سه‌ر، بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
ــ ناساندنی مادده هۆشبه‌ره‌كان و جۆره‌كانیان.
ــ روونكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه فیزیۆلۆجییهكانی مادده هۆشبه‌ره‌كان له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ.
ــ چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی و ده‌روونی مادده هۆشبه‌ره‌كان.
ــ شرۆڤه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ی یاسا به‌ركاره هه‌نووكه‌ییه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان.
ــ روانینێكی ره‌خنه‌گرانه بۆ رێكاره جێبه‌جێكارییه‌كانی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان.
ــ تووشبوون به مادده هۆشبه‌ره‌كان له‌نێوان تاوانباربوون و قوربانی بووندا(له‌ڕووی یاسایی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌وه).
به‌و هیوایه‌ی هه‌موو تێكڕا بتوانین، په‌رده له‌سه‌ر ئه‌م مه‌ترسی و تیرۆره نه‌رمه لابده‌ین و ئاسته‌كانی مه‌ترسی بۆ داهاتووی وڵاته‌كه‌مان بخه‌ینه به‌رچاو، هەروەها له ره‌هه‌نده ته‌ندروستی، یاسایی، ئایینی، كارگێڕی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانه‌وه، هه‌نگاوه پێویسته‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شرۆڤه بكه‌ین و، هەموومان پێکەوە بتوانین رێگەچارەی گونجاو بۆ پرسەکە بدۆزینەوە.
دووبارە زۆر بەخێربێن