دامەزراوەی شەهید ku en

هەولێر، شاری هیوا، بلۆکی A خانوی ژمارە 181 07507979929 info@shahid.ac

e-mail mail

توێژینەوە

 

دامەزراوەی شەهید، به‌ دنیابینییه‌كى كراوه‌ و به‌ ئاسۆیه‌كى روونه‌وه‌ پێى ناوه‌ته‌ ناو دنیاى كارى دامه‌زراوه‌ى ئه‌كادیمى له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ و هه‌مه‌لایه‌نى هه‌یه‌، كه‌ چۆن بتوانێ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌، خۆى بكات به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراوى به‌ پرستیجى به‌رزى ئه‌كادیمى، تا زۆرترین كاریگه‌رى دابنێت و شوێنى خۆى له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا بكاته‌وه‌ و ببێته‌ به‌شێك له‌ هێزى به‌ره‌وپێشبه‌رى كۆمه‌ڵگا، له‌و بواره‌ پسپۆڕییانه‌ى كه‌ له‌خۆیان ده‌گرێت.
دامەزراوە به‌شێكى ئه‌و كاریگه‌رییه‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ چه‌نده‌ هه‌لى ئه‌وه‌ بڕخسێنێ به‌رهه‌مه‌ زانستییه‌كانى خۆى بخاته‌ ناو كۆمه‌ڵ و به‌رچاوى توێژه‌ران و خوێنده‌واران و ئۆگرانى پسپۆڕییه‌ پێوه‌ندیداره‌كان. بۆیه‌ش له‌ ئێستادا، به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ و هه‌مه‌لایه‌نى هه‌یه‌، كه‌ له‌ چه‌ند باره‌وه‌ و به‌ به‌رنامه‌یه‌كى زانستى كواڵیتى به‌رز، به‌رهه‌م و چالاكییه‌ ئه‌كادیمییه‌كانى ستافه‌كه‌ى خۆى له‌ لایه‌ك و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ زانستییه‌ باوه‌ڕپێكراوانه‌ چاپ و بڵاوبكاته‌وه‌، كه‌ به‌ زمانه‌ گرنگه‌كانى دنیا نووسراون و به‌شێكى گرنگ و بنه‌مایین له‌ پسپۆڕییه‌كانى دامەزراوە.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ دامەزراوە وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا، ببێته‌ خاوه‌نى بڵاوكراوه‌یه‌كى زانستى تایبه‌ت به‌ خۆى. به‌ڵام به‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ته‌مه‌نى دامەزراوە كه‌مه‌ و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش پێویستى به‌ ئاماده‌كارى زیاتر هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا ناتوانرێ گۆڤارێكى ئه‌وتۆ به‌دى بهێنرێ، كه‌ له‌ ئاستى خه‌ون و خولیاو ستراتیژى دامەزراوەدا ببێت.
جگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌، دامەزراوە ئه‌وه‌شى له‌ به‌رنامه‌دایه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا، گۆڤارێكى رۆشنبیرى گشتى تایبه‌ت به‌ نووسین و به‌رهه‌مى قوتابییان، ده‌ربكات. تا ببێته‌ هانده‌رێك بۆ قوتابییان له‌ هه‌مبه‌ر په‌رپێدان به‌ ئاستى تواناى نووسین و بیركردنه‌وه‌ى داهێنه‌رانه‌یان.


پڕۆژەی توێژینەوە
دامەزراوەی شەهید، توێژینه‌وه‌ى ئه‌كادیمى به‌ بڕبڕه‌ى پشتى هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى داده‌نێ و پێێ وایه‌ هه‌ر ده‌زگایه‌كى زانستى ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ كاریگه‌ر بێت، ده‌بێ ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ و ئاماده‌كردنى هه‌ل ومه‌رجى گونجاو بۆى، له‌ كاره‌ هه‌ر له‌ پێشینه‌كانى بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دامەزراوە زۆر گرنگى به‌م بواره‌ ده‌دات و ئه‌وه‌نده‌ى كه‌ بۆى بكرێ، كارئاسانى و ئاماده‌كارى و پشتیوانى پێویست پێشكه‌ش به‌ توێژه‌ران ده‌كات.
دامەزراوە پێى وایه‌، به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ى كه‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵگرى توانا و تایبه‌تمه‌ندى زۆره‌ و كه‌م كاریان له‌ سه‌ر كراوه‌، ده‌بێ توێژینه‌وه‌ و پڕۆژه‌كانى توێژینه‌وه‌، په‌یوه‌ست بن به‌ تایبه‌تمه‌ندى و كه‌م و كورتى و كێشه‌كانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ زانست به‌ ئه‌بستراتى نه‌هێڵرێته‌وه‌. له‌ روانگه‌ى ستراتیژى دامەزراوەوه‌، زانست بۆ خزمه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تییه‌ و بۆیه‌ به‌ ئه‌ركى خۆى و توێژه‌رانى ده‌زانێت، كه‌ زانست و زانیارییه‌كه‌یان له‌ پێناوى خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌ل ومه‌رجى مرۆڤ و ژینگه‌ى مرۆڤه‌كان، به‌كار بێنن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دامەزراوە له‌ رێگه‌ى توێژه‌ره‌كانى خۆى و هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ى راگه‌یاندنى پرۆژه‌ى توێژینه‌وه‌وه‌، بانگێشتى لێكۆڵه‌ران ده‌كات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌ ئه‌گه‌رى هه‌بوونى پڕۆژه‌یه‌كى توێژینه‌وه‌ی جۆریى و كاریگه‌ر، هه‌وڵى پشتیوانیكردن و یارمه‌تیدانى تۆیژه‌ر یان توێژه‌ران ده‌دات، بۆ ته‌واو كردنى پڕۆژه‌كه‌یان.
له‌ رێگه‌ى پڕۆژه‌ى توێژینه‌وه‌وه‌ ئێمه‌ باشتر و ئامانجدارتر ده‌توانین، په‌نجه‌ له‌ سه‌ر كه‌م و كورتییه‌كان دابنێین و چاره‌سه‌رى پێویستیان بۆ بدۆزینه‌وه‌.



هاریکاری توێژینەوە
دامەزراوەی شەهید، هه‌ر له‌ سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و راستیه‌ى، كه‌ له‌ به‌شى پڕۆژه‌ى توێژینه‌وه‌دا باسمان كردووه‌ و توێژینه‌وه‌ به‌ داینه‌مۆى هه‌ر ناوه‌ندێكى ئه‌كادیمى داده‌نێ، به‌ پێویستى ده‌زانێ، وه‌كو ئه‌ركێكى ئه‌كادیمى و ئه‌خلاقى، پشتیوانى و هاریكارى توێژه‌ران بكات بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنى توێژینه‌وه‌كانیان. ئه‌گه‌رچى له‌ ئێستادا ره‌نگه‌ دامەزراوە تواناى پێویستى بۆ پشتیوانى كردن له‌ توێژه‌ران به‌ باشترین شَێوه‌ نه‌بێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ستى پێكردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، كه‌ ئاماده‌ى هاریكارى كردنى توێژه‌رانه‌، ئه‌و ئومێده‌ ده‌خاته‌ دڵه‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌گه‌رى به‌رزبوونه‌وه‌ى تواناى دامەزراوە، ئه‌و هاوكارییه‌ش فراوانتر و جدیتر ده‌بێت.
گرنگترین ئه‌و هاریكارییه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا دامەزراوە ده‌توانێ پێشكه‌ش به‌ توێژه‌رانى بكات، بریتییه‌ له‌ له‌خزمه‌ت دانانى تاقیگه‌ و كتێبخانه‌ و ئامرازه‌كانى دیكه‌ى دامەزراوە، كه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئاماده‌یى هاوكارى داراییشى راگه‌یاندووه‌ بۆ ئه‌و توێژه‌رانه‌ى، كه‌ توێژینه‌وه‌ له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌كانى ناوخۆ یان ده‌ره‌وه‌دا، كه‌ خاوه‌نى ئیمپاكت فاكته‌رن، بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.


توێژینەوەی قوتابیان
به‌ سه‌رنجدان له‌وه‌ى كه‌ له‌ دنیاى ئه‌مڕۆدا به‌سه‌نته‌ركردنى قوتابى له‌ پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردندا، له‌ ناوه‌ندى سه‌رنجدایه‌ و گرنگى زۆر به‌ رێكاره‌كانى به‌رهه‌ڤ كردنى ئه‌و ئامانجه‌ ده‌درێ، دامەزراوەی شەهیدیش، به‌ چڕى له‌ سه‌رى كار ده‌كات. راستیه‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركه‌وتنى كارى ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ى كه‌ چه‌نده‌ قوتابییان توانیویانه‌ و ده‌توانن، ببنه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى ئه‌كادیمى سه‌ركه‌وتوو و باوه‌ڕبه‌خۆبوو.
به‌شێكى به‌رچاو له‌م گرنگیپێدانه‌ به‌ قوتابى، خۆى له‌ راهێنان و بارهێناینان ده‌بینێته‌وه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى زانستى. دامەزراوەی شەهید، سه‌رنجێكى تایبه‌ت ده‌داته‌ توێژینه‌وه‌ى قوتابییان و له‌ رێگه‌ى ستافى ئه‌كادیمى و وانه‌كانه‌وه‌، ئه‌وپه‌ڕى هه‌وڵده‌درێت، بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى كارى زانستى، به‌ قوتابییان بناسێندرێن. دابینكردنى مامۆستاى به‌توانا بۆ سه‌رپه‌رشتى كردنى قوتابییان و هاوكارى كردنیان و هه‌وڵدان بۆ دابین كردنى كه‌ره‌سته‌ى توێژینه‌وه‌(وه‌ك كتێب و گه‌شتى زانستى و تاقیگه‌)، به‌شێكن له‌ سیاسه‌تى دامەزراوە، بۆ راهێنانى قوتابییان له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى.
دامەزراوە ته‌نیا وه‌ك رۆتێنێكى ئاسایى سه‌یرى توێژینه‌وه‌ى قوتابییان ناكات، كه‌ له‌ كۆتایى دووه‌م ساڵى خوێندندا، پێویسته‌ پێشكه‌ش بكرێت. به‌ڵكو وه‌ك كارێكى جدى ده‌یبینێ و هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دا، كه‌ په‌ره‌ به‌و توێژینه‌وانه‌ بدات، بۆ كارى جدیتر و به‌ به‌رهه‌متر. پێى وایه‌ كه‌ ئه‌و قوتابییانه‌ ده‌توانن به‌ هاوكارى سه‌رپه‌رشتیاره‌كانیان، كارى زۆر به‌ كه‌ڵك و به‌ به‌رهه‌متر ئه‌نجام بده‌ن.
به‌ كورتى ده‌توانین بڵێین، دامەزراوە به‌ ئه‌ركى سه‌ره‌كى خۆى ده‌زانێ، كه‌ له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى قوتابى له‌ دامەزراوە، به‌ ته‌واوى له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ى زانستى رایبهێنێ. ئه‌زموونى ساڵى رابردوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایى و گفتوگۆكردنیان، نیشانى دا، كه‌ نووسینى توێژینه‌وه‌ى فێرخوازان، كارێكى نه‌ك رۆتێنى نییه‌، به‌ڵكو زۆر جدى و به‌هاداره‌ و به‌شێكى گرنگ له‌ ناسنامه‌ى قوتابى پێوه‌ به‌نده‌.